شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: پایز
لەبارەی شیعر: (لاپەڕە ١٣٩ تا ١٤٢ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نەهاتووە)

پایزە، دار ودەوەن بێ ڕەنگن [١] 
قەل و مەل، بولبولەکان بێ دەنگن

باخە بێ بەرگە، پەسیویکی نەما
بێ حەشارگەن، کوڕ و کیژ دڵتەنگن

بەتەنێ سەروی بڵیندباڵا مان
بێ خەزان بەرزن و شۆخ و شەنگن

دڵییان پێوە هەڵاوەسراوە
بە نەسیم دێن و دەچن، سەرسەنگن

***

داخەکەم بۆ کوڵ وکۆی جەرگ و دڵم! 
چوو بە تاڵانی خەزان بەرگ و گوڵم

***

پایزە و کاتی خەزانی گوڵوکات
گوڵوکات ڕێکی بە باچوو لە وڵات

خێڵ سەرەوخوارە، هەواران چۆڵن
لەو کەژ وکێوە بەجێما 'ئاوات'

سارد وسڕ لەو سەرە دڵ جێماوە
چاوەڕێی هاتە، بەڵام هاتی نەهات

شێت و پێت ئەی دڵی بێچارە، کوا، [٢] 
تازە نۆبووکی بەهار دێتەوە لات؟ 

***

ڕەبەن و بێکەس وکارە دڵی وا
هێند تەمادار و ئەوەندە بە هیوا

***

هەڵیان گرتووە خەرمان کوڕ وکاڵ [٣] 
تازەلاو، ڕەنجبەری کورد دێنەوە ماڵ

پەڕوپۆی تازە بەڵا دەرکەنەوە
لەو کوڕ وکاڵە جوانە پەڕ وباڵ [٤] 

ڕێک لە سەربان و لە کووچە و کۆڵان
وەک مناڵ تازە کە دێنە گوڕوگاڵ

ویرەویریانە بە سەبر و بە دزی [٥] 
نەکو پێیان بوەڕن پیرە گەماڵ

***

ئاشکرابن لە کون و کاڕێژێ
بابی کیژ بێتو قسەی پێ بێژێ

***

دەرودەشت چۆڵ لە خەلە وخەرمانان
ڕەنجبەران دێنەوە بۆ سەربانان

ماوەیەک بوو کە لەبەر تاوی بەتین
هەڵوەریبوو پەڕ وپۆیان بە خەمان

جلکی کۆنە لە بەری خۆ دەدڕن [٦] 
دەست ڕەنجبەرانە جلی تازە وجوان [٧] 

کاتی زستانە، بەڵام دووبارە
بێ وچاندانێ هەموو دەبنە شوان

***

بێ کەپەنک و سەگ و گۆچان، چ دەکەن؟ 
لەو کەژ وکێوە، لە سەرمان چ دەکەن؟ 

***

دەنگەدەنگیانە، دەڵێن گۆرانی
بە زمانی زگوماک، سۆرانی

کورت و کرمانجی لە دەرک وبانان
خۆ دەلاوێننەوە لاو بە جوانی

پاروە نانێکی لە ماڵێ کە بخۆن
چاترە کوردە لە نانی شوانی

گەرچی شانازییە شوانی بۆ کورد
جوانە لەو شوانە دەس وگۆچانی

***

با بەهار بێتەوە خاکە لێوە
دەرکەوێ چادر وجیغ لەو نێوە

***

ئەو کەڕەت لاو دەگرن باش سەر سوێ
لە کچی مەمک و کوڵم سێو و بەهێ

وەک گوڵوکاتی بەهار سەوز و سوور
کیژ دەڕازێننەوە خۆ سەرتاپێ

ئەو حەلە، کاتی تەماشا وگەشتە
ئەوکەڕەت ڕۆژی وەدەرچوونە لە دێ

هەر جحێڵێکی ئەوینی پێ بێ، 
بە ئەوین دێتە سەما و هەڵپەڕکێ

***

ڕێم نییە من کە فەقیرم پیرم
تا بڵێم هێندێ لە ڕا وتەگبیرم [٨] 

***

با نەڵێن نانی شوانی وایە
ئەوە نانێکە لە باغی نایە

ئەوە ڕێ و شوێنی گەلی پیاوانە
بەڵگە شانازی ڕەسووڵی خوایە

من بە قوربانی دەس و گۆچانی
کوڕی کورد نابێ بڵێ سەرمایە

دەنگی بلوێرە نەوای ئاسمانی
سەد نەوا ڕازی لە نێو دڵدایە

***

من کە 'کامیل' م و هێندێ پیرم
ئەوە بوو ڕا و قسە و تەگبیرم

١. چاپی ئەنیسی: پاییز. بەداخەوە وشەی 'پایز'ی کوردی لە زۆر شوێندا وەک پاییز دەنووسرێت و هۆکارەکەشی کارتێکەریی ڕاستەوخۆی زمانی فارسییە. لێرەدا بەتایبەت ئەو مەسەلەیە بە ڕوونی دەردەکەوێت. پاییز بە دوو یاء کێشی شیعرەکە تێکدەدات، هەر بۆیەش من بە یەک یاء نووسیم. 
٢. چاپی ئەنیسی: کووا. ئەو وشەیە بە شێوەی ئاسایی دەبێ 'کوا' بێت. دانانی پیتی زیادی کارێکی مەزمووم و ناپێویستە واهەیە خوێنەر تووشی هەڵەش بکات. 
٣. چاپی ئەنیسی: هەڵییان. لێرەشدا وێدەچێت یەک پیتی یاء بە زیادی دانرابێت. هەر بۆیەش من قرتم کردووە. 
٤. چاپی ئەنیسی: جووانە. لێرەشدا من دوو پیتی واوم پێ باش نەبوو و هەر بۆیەش بە یەک واوم نووسی هۆکارەکەی ئەوەیە دوو پیتی واو ئەگەری ئەوە دروست دەکات کە وەک وشەی 'جوو' واتە جوولەکە بخوێنرێتەوە و پاشانیش، خوێنەر بە شێوەی ئاسایی واتە بە یەک واو، هەر بە 'جوان'ی دەخوێنێتەوە و کێشی شیعرەکە دەپارێزێت. 
٥. چاپی ئەنیسی: وێرەوێریانە. ئەوەندەی بزانم ئەو دوو وشەیە بە شێوەی ویرەویر دەنووسرێت و دەگوترێت. هەنبانە بۆرینەش بە هەمان شێوەی نووسیوە و واتای گۆرانی لەسەر خۆ، سۆزە و نێورین (زەمزەمەی فارسی)ی بۆ لێداوەتەوە. 
٦. واتە دادەکەنن و فڕێی دەدەن. 
٧. چاپی ئەنیسی بە شێوەی سەرەوەی نووسیوە کە دیارە هەڵەی تێدایە. من سەرچاوەی دیکەم بۆ بەراوردکاری لە بەردەست نییە و هەر بۆیەش خۆم دەبێ ساغی بکەمەوە. بە گوێرەی ناوەرۆکی میسراعی یەکەمی فەردەکە کە باس لە دڕاندن و فڕێدانی جلکی کۆنی کوڕەلاوی ڕەنجبەر دەکات، واهەیە بتوانین میسراعی دووهەم بەم شێوەیە بنووسین کە دیارە دەتوانێ جیاواز بێت لەوەی وا شاعیر خۆی گوتوویەتی: 'ڕەنجبەر دەکڕێ جلی تازە وجوان'
٨. چاپی ئەنیسی: تەکبیرم.